کاتێک کڕیار چەنە لەسەر نرخ لێدەدات، کێشەکە نرخەکە نییە
ماڵەوە ڕوانگە کاتێک کڕیار چەنە لەسەر نرخ لێدەدات، کێشە...
گەڕانەوە بۆ ڕوانگەکان
تێڕوانین بۆ دەستنیشانکردن بنیاد و بنەمای براندستراتیژی براند 5 خولەک 08/06/2026

کاتێک کڕیار چەنە لەسەر نرخ لێدەدات، کێشەکە نرخەکە نییە

دیاریکردنی نرخ، یەکێکە لە پڕئێشترین ئەو قۆناغانەی بزنسەکان تێیدا گیر دەخۆن. بەڵام هۆکاری ئەوەی کڕیار بڕوا ناکات بەرهەمەکەت هێندەی نرخەکەی بێنێت، پەیوەندی بە ژمارەکەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەو بنەمایەوە هەیە کە لە پشت نرخەکەتەوە وەستاوە.

خاوەن بزنسێک پێی وتم: «هەر کاتێک نرخ بە کڕیار دەڵێم، دەڵێت گرانە.» پرسیم: «ئەی ڕکابەرەکەت؟» وتی: «ئەوان هەرزانتر دەیدەن.» پرسیم: «کوالێتییان چۆنە؟» وتی: «لە هی من نزمترە.»

کەواتە کێشەکە لە کوێدایە؟

کێشەکە ئەوەیە کڕیار نازانێت بۆچی دەبێت پارەی زیاتر بدات. کاتێکیش نەزانێت، نرخەکان بەراورد دەکات، نەک بەهاکە.

چەنەلێدان نیشانەی چییە؟

کاتێک کەسێک چەنە لەسەر نرخەکەت لێدەدات، پەیامێکی ڕوونت پێدەدات: «تۆ بەڵگەی پێویستت نەداومەتێ تا پارەی زیاتر بدەم.»

ئەم بەڵگەیە دەکرێت زانیاری بێت، یان ئەزموونی کڕین بێت، یان متمانە. بەڵام ڕەگ و ڕیشەی کێشەکە هەمیشە یەک شوێنە؛ نەبوونی براندێکە کە پشتگیری لەو نرخە بکات.

براند ئەو هێزەیە کە دەڵێت: ئەمە جیاوازە، ئەمە مانای هەیە، ئەمە شایەنی ئەو پارەیەیە. کاتێک براند بوونی نەبێت، نرخ بە تەنیا دەمێنێتەوە، نرخێکیش کە تەنیا بێت هەمیشە بە «گران» دەبینرێت. لێرەدا لە هەتاو گروپ (Hataw Group) هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە بنیاتنانی ئەم ناسنامەیە بنچینەی سەرکەوتنی هەر بزنسێکە.

بۆچی دابەزاندنی نرخ چارەسەر نییە؟

پێت وایە ئەگەر نرخەکە دابەزێنیت کێشەکە چارەسەر دەبێت؟ لەوانەیە بۆ جارێک سەر بگرێت، بەڵام دواتر چی؟

کڕیاری داهاتووش هەمان قسەت پێدەڵێتەوە. ئایا ئەمجارەشیان چاوەڕوان دەکەیت زیاتر داشکان بکەیت؟

ڕکابەریکردن لەسەر نرخ، پێشبڕکێیەکە کە لە کۆتاییدا هەمووان تێیدا دۆڕاون. ئەو بزنسەی پشتبەستوو بێت بە داشکانی بەردەوام، سەرەنجام قازانجی دەگاتە سفر.

ڕێگایەکی دیکەش هەیە؛ دروستکردنی شتێک کە نرخەکەی پێویستی بە ڕوونکردنەوە نەبێت.

متمانە پێش نرخ دێت

بیر لە کۆتا جار بکەوە کە شتێکت بەبێ چەنەلێدان کڕی؛ بۆچی کڕیت؟

چونکە پێش کڕینەکە، زانیاری پێویستت هەبوو. پێش کڕینەکە، متمانەی تەواوت هەبوو. دەتزانی کە ئەمە بۆ تۆ گونجاوە.

ئەم متمانەیە لە کوێوە هات؟ لە سیستەمێکی براندینگی دروستەوە. لە پەیامێکی جێگیر و ئەزموونێکی پێشبینیکراوەوە.

کاتێک کڕیار متمانەی بە براندەکە هەبی، نرخەکە پەسەند دەکات، نەک بیخاتە ژێر پرسیارەوە.

تاقیکردنەوەیەکی سادە

لە خۆت بپرسە: ئەگەر من ئەمڕۆ نرخەکانم بە ڕێژەی ٢٠٪ بەرز بکەمەوە، چەند لە کڕیارەکانم دەمێننەوە؟

ئەگەر وەڵامەکەت «کەمتر لە نیوەیان» بوو، ئەوا کێشەکە نرخ نییە، بەڵکو کێشەکە ئەو براندەیە کە لە پشت نرخەکەوە نییە.

هەبوونی سیستەمێکی بەهێزی براند واتە کڕیار نرخەکە بە بەهاکەی دەپێوێت، نەک بە ڕکابەرەکەتەوە.

دەستپێکردنی هەڵسەنگاندن
تاگەکان: بنیاد و بنەمای براندستراتیژی براندبڕیاردانبزنسی کوردستان
لە ڕوانگەوە بۆ کردەیی

خوێندنەوە سوودبەخشە. دەستنیشانکردنی کێشەکە باشترە.

ئەگەر ئەم بابەتە باس لە کێشەیەک دەکات کە لە بزنسەکەی خۆتدا دەیبینیت، بە هەڵسەنگاندنی بزنس بۆ براند دەست پێبکە.

دەستپێکردن